المطلع
عاجل

post-image

سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان وەڵامی دادگای فیدراڵی دەداتەوە


15:54 كوردستان
2024-03-14
16504

سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە سەرپێچیکردنی دەستوور وەسف دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادوەر سەردار یاسین، سەرۆكى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ناڕەزایی دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان دەربڕی.

سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێم دەڵێت: “ئەم ئاراستەیەى دادگەى ئیتیحادى باڵا بەدەرچوون لە دەستور و یاساكان وای لێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووى دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەى چەندین لێكەوتەى نەخوازراو چ لە لایەنى یاسایی بێت یان لەلایەنى سیاسى یان كۆمەڵایەتی”.

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق

لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەى دادگەى ئیتیحادى باڵاى عێراقی لە بڕیارەكانى ئەم دواییەیدا لەخۆى گرتووە دەربارەى ئەو دەعوایانەى دژ بەهەرێمى كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەى باوەڕبوونمان بە سیستەمى فیدرالى لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەى ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕاى گشتى دەخەینەڕوو:

1- دادگەى ئیتیحادى باڵا خۆى خستۆتە شوێنى دەسەڵاتى یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمى دەعواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/2023، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا، ئەویش دواى ئەوەى بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى هەندێك ماددە و بڕگەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (1)ى ساڵى 1992ى هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكى ڕوونە بۆ ماددە (93)ى دەستورى عێراقى ساڵى (2005)، بەتایبەت بەندى (یەكەم)ى، كە تیایدا كارى دادگەى ئیتیحادى باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنى تایبەتكاری چاودێرییكردنى مەوداى دەستوری بوونى یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەى دەقى یاسایی لە بڕیارى دادگەى ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانى دەسەڵاتى یاسادانان و سەرپێچییەكى ڕوونە بۆ ماددە (47)ى دەستور كە دەقى كردووە لەسەر ئەوەى هەر دەسەڵاتێك پیادەى تایبەتكارییەكانى خۆی دەكات لەسەر بنەماى جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان.

2- پابەند نەبوونى دادگەى ئیتیحادى باڵا بە عەریزەى دەعواى داواكار، بەجۆرێك داواكارى دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو، داواى هەڵوەشاندنەوەى یازدە كورسییەكەى (كورسییەكانى كۆتا)ى نەكردووە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردووە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم بەگوێرەى پێوەرى ژمارەى دانیشتووان، كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (یەكەم)ى حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى دەستەواژەى (یازدە) لە ماددەى یەكەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ى هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەى دەعواكەى داواى نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات.

3- لە دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانى داوالێكراو بریتین لە:

– سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان.

– سەرۆكى هەرێمى كوردستان.

– سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان.

دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (هەشتەم)ى حوكمى دەعواى ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەى دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونى نەیارى (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان، بەڵام دادگەى ئیتیحادى باڵا بێئاگایە لەوەى بەبڕیارى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022 لە 30/5/2023 حوكمى داوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم پێیەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانى لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەى (4)ى یاساى دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ى ساڵى 1969ى هەمواركراو مەرجى داناوە بەوەى پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەى ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستى مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتى بەرزكردنەوەى دەعواكە بوونى یاسایی نەماوە.

4- سەرپێچیكردنى دادگەى ئیتیحادى باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعواى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنى نووسراوى لادانى هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزورى) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خزر بەهجت)، هاتوو لە پەرلەمانى كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتى 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەى تەخویلكردنى ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەى ئیتیحادى لە دەعواى ئاماژەپێكراودا. كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لەبڕگەى ژمارە (1)ى حوكمى ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم حوكمەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان دەسەڵاتى لادانى هەردوو بریكارى ئاماژەپێكراوى نامێنێت.
5- دادگەى ئیتیحادى باڵا لە هەندێك لە بڕیارەكانى كەوتۆتە هاودژی بوون، كاتێك لە دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراودا، بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەى كورسى (كۆتا)كان پاڵپشت بەوەى بوونى ئەم كورسییانە بۆ پێكهاتەكان لە یاساى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ى هەمواركراو پێشێلكردنە بۆ ماددەى (16)ى دەستور كە دەقى كردووە لەسەر ئەوەى هاودەرفەتى مافێكى پارێزراوە بۆ سەرجەم عێراقییەكان، و دەوڵەت گرتنەبەرى رێكاری پێویست بۆ هاتنەدى لەئەستۆ دەگرێت. بەڵام گەر بەووردى سەیرى ئەم ماددەیە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە پێدانى كورسى (كۆتا) بە پێكهاتەكان ئەم هاودەرفەتیە دەستەبەر دەكات، و بەیاساكردنى ئەم كورسییانەى (كۆتا) بۆ پێكهاتەكان و چەسپاندنیان بۆیان رێكارێكى پێویستە لەسەر دەوڵەت بیگرێتەبەر بۆ بەرجەستەكردنى هاودەرفەتى، بەتایبەت لەكاتى پیادەكردنى سیستەمى فرەبازنەیی هەڵبژاردن لەڕێگەى دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكى هەڵبژاردنى جیاواز، بەجۆرێك دەنگى پێكهاتەكان بەسەر ئەم ناوچانە دابەش دەبێت و لەوانەیە هیچ كورسییەك بەدەست نەهێنن. كەواتە دادگەى ئیتیحادى باڵا كاتێك بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەى كورسییەكانى (كۆتا)كان لە هەمان بڕیاردا بڕیاریداوە بە دابەشكردنى هەرێمى كوردستان بۆ چەند ناوەچەیەك كەمتر نەبێت لە چوار ناوچەى هەڵبژاردن. ئەمەش لەكاتى پیادەكردنیدا دەبێتە مایەى دەستەبەر نەبوونى هاودەرفەتى دەقنووسكراو لە ماددە (16)ى دەستور، ئەمەش هاودژیی دەنوێنىَ لە هەڵوێستى دادگەى ئیتیحادى باڵا. هەر بۆ زانین یاساى هەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنەكانى پارێزگە و قەزاكان ى عێراقى ژمارە (12)ى ساڵى 2018ى بەركار، بەپێى دوایین هەمواركردنى، دەقى كردووە لەسەر بنەماى كۆتا و پێدانى كورسى بە ژمارەیەك لە پێكهاتەكان (ماددە 15ى هەمواركراو بەپێى ماددە 9ى یاساى هەموارى سێیەمى ژمارە 4ى ساڵى 2023).

6- وێراى ئەمانەى سەرەوە، خودى پێكهاتەى دادگەى ئیتیحادى باڵا ناكۆكە لەگەڵ دەقى بەندى (دووەم)ى ماددە (92)ى دەستورى عێراقى ساڵى 2005، چونكە بەپێى ئەم بەندە دادگەى ئیتیحادى باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزایانى فیقهى ئیسلامى و یاساناسان پێكدێت، هەروەها ئەو یاسایەى ژمارەیان و شێوازى دەستنیشانكردنیان و كارى دادگە ڕێكدەخات پێویستە بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران تەشریع بكرێت. بۆیە ئەو دادگەیەى چاودێریكردنى دەستوریی بوونى یاساكان لە وڵاتدا لەئەستۆ دەگرێت، پێویستە، پێش هەر لایەنێكى دیكە، پابەند بێت بە ماددە و بەندەكانى دەستور، بەتایبەت ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە پێكهێنانى ئەم دادگەیە و چۆنیەتی كاركردنى، چونكە هیچ ڕەوا نییە دادگەى ئیتیحادى باڵا حوكم بدات بە نادەستوریی یاساكان كەچى خودى خۆى لە ڕووى پێكهاتە و كاركردن و یاساى ئێستاكەى وەكیەك نەبن لەگەڵ دەستور.

دیارە ئەم ئاراستەیەى دادگەى ئیتیحادى باڵا بەدەرچوون لە دەستور و یاساكان وای لێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووى دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەى چەندین لێكەوتەى نەخوازراو چ لە لایەنى یاسایی بێت یان لەلایەنى سیاسى یان كۆمەڵایەتی. بەجۆرێك لەم دواییانەدا سەرەتاى ئەم لێكەوتە نەخوازراوانە دەركەوت كاتێك حزب و لایەنە نوێنەرەكانى گرنگترین پێكهاتەكانى هەرێمى كوردستان (توركمان و ئاشورى و سریان و كلدان) ڕایانگەیاند بەشدارى ناكەن لەو هەڵبژاردنەى بڕیاردراوە لە 10/6/2024 ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەى دروستبوونى كێشەى سیاسى لە واقیعى هەرێمى كوردستان، چونكە ئەو پەرلەمانەى لەدواى هەڵبژاردنى ئاماژەپێكراودا پێكدەهێنرێت نوێنەرى پێكهاتەكان لەخۆ ناگرێت. بۆیە دەبێت دادگەى ئیتیحادى باڵا پابەند بێت بە دەستور و پیادەى تایبەتكارییەكانى بكات بەو شێوەیەى لە دەستوردا هاتووە و پێشێلى تایبەتكاری دەسەڵاتەكانى دیكە نەكات.

دادوەر

دكتۆر سەردار یاسین حەمەدئەمین

سەرۆكى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق

 

كلمات مفتاحية

اخبار ذات صلة

تعليقات

أحدث الاخبار

مصدر: باراك يزور بغداد وأربيل لحسم جملة من الملفات المهمة

مصدر: باراك يزور بغداد وأربيل لحسم جملة من الملفات المهمة

2026-06-13 23:13 4036
أكسيوس يكشف كواليس التوقيع المرتقب لاتفاق السلام الأميركي الإيراني

أكسيوس يكشف كواليس التوقيع المرتقب لاتفاق السلام الأميركي الإيراني

2026-06-13 22:56 4086
اغتيال رئيس بلدية مكسيكي بالرصاص بهجوم مسلح مرعب

اغتيال رئيس بلدية مكسيكي بالرصاص بهجوم مسلح مرعب

2026-06-13 22:48 5052
فنادق أمريكا في ورطة.. جشع الأسعار يصطدم بـ "غرف فارغة" بالمونديال

فنادق أمريكا في ورطة.. جشع الأسعار يصطدم بـ "غرف فارغة" بالمونديال

2026-06-13 22:28 3826
الصحة اللبنانية تعلن حصيلة القتلى والمصابين جراء الهجمات الإسرائيلية الأخيرة

الصحة اللبنانية تعلن حصيلة القتلى والمصابين جراء الهجمات الإسرائيلية الأخيرة

2026-06-13 22:15 4586
تقارير إسبانية تكشف رسالة جوليان ألفاريز الحاسمة لبرشلونة

تقارير إسبانية تكشف رسالة جوليان ألفاريز الحاسمة لبرشلونة

2026-06-13 22:06 4387
بسبب رونالدو... إبراهيموفيتش يطرد يوتيوبر من استديوهات كأس العالم

بسبب رونالدو... إبراهيموفيتش يطرد يوتيوبر من استديوهات كأس العالم

2026-06-13 22:02 3183
آبل ترفع السرية والأمان في كاميرات المراقبة إلى مستوى غير مسبوق

آبل ترفع السرية والأمان في كاميرات المراقبة إلى مستوى غير مسبوق

2026-06-13 21:57 3273
مونديال 2026... سترات خاصة لتبريد أجسام اللاعبين ومواجهة الحرارة

مونديال 2026... سترات خاصة لتبريد أجسام اللاعبين ومواجهة الحرارة

2026-06-13 21:55 3682
طهران: مذكرة تفاهم إسلام آباد تركز على إنهاء الحرب والتوقيع ليس غداً

طهران: مذكرة تفاهم إسلام آباد تركز على إنهاء الحرب والتوقيع ليس غداً

2026-06-13 18:01 5099
البطريرك نونا: الشعب العراقي بحاجة لمسؤولين يعملون بواقعية بعيدا عن الشعارات

البطريرك نونا: الشعب العراقي بحاجة لمسؤولين يعملون بواقعية بعيدا عن الشعارات

2026-06-13 17:46 11278
أنشيلوتي يؤكد غياب نيمار عن مواجهة المغرب رسمياً في كأس العالم

أنشيلوتي يؤكد غياب نيمار عن مواجهة المغرب رسمياً في كأس العالم

2026-06-13 17:19 5759
تربية البصرة تنعى طالباً بالسادس الإعدادي توفي قبل الإمتحان

تربية البصرة تنعى طالباً بالسادس الإعدادي توفي قبل الإمتحان

2026-06-13 17:10 14189
الإيقاع بمدير فاسد لإحدى دوائر التنفيذ في البصرة

الإيقاع بمدير فاسد لإحدى دوائر التنفيذ في البصرة

2026-06-13 13:25 6256
الفياض: الحشد أصبح قوة وطنية جامعة تمثل أطياف العراق

الفياض: الحشد أصبح قوة وطنية جامعة تمثل أطياف العراق

2026-06-13 12:30 6444
رئيس الوزراء: فتوى الجهاد الكفائي منعطف وطني حاسم بتاريخ العراق

رئيس الوزراء: فتوى الجهاد الكفائي منعطف وطني حاسم بتاريخ العراق

2026-06-13 12:01 5756
رئيس وزراء باكستان يعلن إتمام الاتفاق بين واشنطن وطهران خلال 24 ساعة

رئيس وزراء باكستان يعلن إتمام الاتفاق بين واشنطن وطهران خلال 24 ساعة

2026-06-13 14:45 5446
الحكيم: فتوى الجهاد الكفائي مثلت استجابة تاريخية في مواجهة الإرهاب

الحكيم: فتوى الجهاد الكفائي مثلت استجابة تاريخية في مواجهة الإرهاب

2026-06-13 10:35 5082